ئاهەنگی نەورۆز


لە هۆڵی ئیبن ڕوشد لە زانكۆی بەغداد ئاهەنگی نەورۆز گێڕرا





كاتژمێر دەی سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێكەوتی ٢٥/٣/٢٠١٠ لە هۆڵی ئیبن ڕوشد لە كۆلێژی پەروەردەی ئیبن ڕوشدی زانكۆی بەغداد بە سەرپەرشتی بەشی زمانی كوردیی (كۆلێژی پەروەردەی ئیبن ڕوشد) و بەشی زمانی كوردیی (كۆلێژی زمان) ئاهەنگی نەورۆز پیرۆز كرا.
سەرەتا‌ بە خوێندنی وتاری ڕاگری كۆلێژی پەروەردەى ئیبن ڕوشد و ڕاگری كۆلێژی زمان، ئەنجا بە وتاری سەرۆكی بەشی زمانی كوردیی كۆلێژی پەروەردە ئیبن ڕوشد دكتۆر یوسرا محمەد عەبدوڵلا هەورامی و دكتۆر عادل مەجید گەرمیانی سەرۆكی بەشی زمانی كوردیی كۆلێژی زمان و پارچە شیعرێكی پرۆفیسۆر د.وریا عومەر ئەمین ئاهەنگەكە دەستی پێ كرد.
دواییش شانۆگەرییەكی بێدەنگى چیرۆكی نەورۆز، كاوەى ئاسنگەر و ئەژدیهاك (زوحاك) لەلایەن خوێندكارەكانەوە پێشكەش كرا، پاشان وتار و هەڵبەست و بە گۆرانییەكانی هونەرمەندی كوردی دەنگخۆش فەرهاد حەسەن و تیپە هونەرییەكەی و شانۆگەرییەكی كۆمیدی ئاهەنگەكە كۆتایی پێ هات.
شایانی باسە كە زۆر لە خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی بەغداد ئامادەی ئاهەنگەكە بوون بە جلوبەرگی نەتەوەیی هۆڵی فیستیڤاڵەكەیان رازاندۆتەوە، ژمارەی ئامادەبووان زۆر بوون و٥٠٠ كەسی تێپەڕیبوو، لە ئامادەبووانیش ژمارەیەكی میوان هەبوو وەكو شاهۆ عەبدوڵڵا گۆران كوڕی شاعیری گەروەی كورد، هەروا شاعیری كوردی كەڵهور سالم خەمانی و عوسمان عەلی بەرێوەبەری بەڕیوەبەرایەتی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی بەغداد و جواد فەیلی بەڕێوەبەری ڕادیۆی شەفەق، هەروەها  خۆێندكارەكان خۆشحاڵی و خۆشی خۆیان بە گۆرانی و هەڵپەركێ و جل و بەرگی كوردەواری دەربڕیوە.